شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: دیسان چییە ئەم حەشرە لە ناو میللەتی کوردا
لەبارەی شیعر: شێوەن بۆ چوار ئەفسەرەکە (عیززەت، خۆشناو، قودسی، خێروڵڵا)

دیسان چییە ئەم حەشرە لە ناو میللەتی کوردا
ئەم ئێشە چییە وا لە دڵی گەورە و وردا

ئەم ماتەم و گریانە لە کوردایە بە ڕاسی
هەر تەعزییەکەی ئالی عەبایە بە قیاسی

ئێشێکە نە وەک مەرگی برا و باوک و کوڕانە
زامێکە نە وەک زامی گولە و شیر و سینانە

هەر کوردێ ئەبینی کوڵ ئەدا گیانی لە بەردا
سەیلێکە سور شکێکە بە خوڕ ئەڕژێ لە سەردا

کامەی کە بڵێی تۆزێ شەرەفدارە حەیاتی
لا تاڵە تەڵەب کارە بە دڵ، مەرگ و مەماتی

ئەم شیوەن و ئەم ناڵە و هاوار و فوغانە
ئەمڕۆ کە لە ناو کوردی عیراق و لە ئێرانە

بۆ مەرگی گەلێکە کە فیداکاری وەتەن بوون
مەردانی نەبەرد ئاوەر و شێرانی ژیان بوون

پۆلێکی وەها بوون کە لە ڕێی قەوم و وڵاتا
ڕویینە بەر ئییعدام و نە دۆڕیان لە سوباتا

ئەی چەرخی فەلەک سوێنت ئەدەم من بە ئیلاهی
مەیشارەوە، کەتمی مەکە، بیدە گەواهی

کێت دیوە لە ژێر سایەکەتا غەیری کوڕی کورد
بڕواتە بەر ئیعدام و بڵێ بێ خەم و دەرد

ئۆخەی ئەمە ئێمەین کە لە سەر تۆڵەیی میللەت
ئەکوژێین و ئەخنکێین و ئەنێژرێین بە حەمییەت

کوژیانێ لە سەر قەوم و وەتەن عەینی حەیاتە
کەی مەرگە لە لای ئێمە، هەموو جاه و خەڵاتە

مادامێکی ئەم قەومە وەها بەرز بوو مەقامی
بڕواتە بەر ئیعدام و ئاوا بێت و کەلامی

بێ جێیە خەم و ئێش و خەفەت ئەی گەلی کوردان
حەقمانە، بە دڵمانە، بژین، بێ خەم و گریان